وردەکاری بریندارکردنی دوو زیندان لە بەندیخانەی گرتن‌و گواستنەوەی سلێمانی لەلایەن دوژمێنێکیانەوە

کاتژمێر ١١ ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە کە رۆژی سەردانیکردنکردن بووە لە بەندیخانەی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، کەسێکی سەردانیکەر چەقۆیەک بەنهێنی دەباتە بەندیخانەکەوە، لە دوا ساتەکانی تەوابوونی سەردانیکردندا بە چەقۆکەی دوو کەس کە زیندانبوون بە سەختی بریندار دەکات، دواتر هێزە ئەمنییەکان دەستدرێژیکارەکە دەستگیر دەکەن.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە " سپی " راگەیاند کەسە درستدرێژیکارەکە برایەکی شەش مانگ لەمەوپێش کوژراوەو، ئەم دوو کەسە کە بران لەسەر رووداوی ئەو کووشتنە گیراون، ئەم کەسەش وەک تۆڵەکردنەوە ئەمڕۆ بەچەقۆوە چۆتە زیندان و بە سەختی ئەو دوو برایەی بریندارکردووە.

وتەبێژی پۆلیس وتیشی" دەستدرێژیکارەکە کالەی بن ئەستوری لە پێدابووەو لە دەرەوەی زیندان بنی پێڵاوەکەی هەڵکۆڵیوەو چەقۆکەی تێدا شاردۆتەوە تا چۆتە زیندان، دواتر بە ناوی چاککردنی پێڵاوەکەیەوەو چەقۆکەی دەرهێناوەو دوای ئەوەی دەوری دوو کەسەکە چۆڵبووە، بەر چەقۆی داون و زۆر بە سەختی برینداریکردوون".
 
پۆلیس دوای ماوەیەک کۆنترۆڵی هێرشبەرەکە دەکەن و دەستگیریدەکەن.

بە وتەی وتبێژی پۆلیس " ئێستا بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شارن، یەکێکیان دۆخی خراپە چەقۆکە بەر ملی کەوتووە، هەرچەندە مەترسی مردنی لەسەر نەماوە، بەڵام برینەکەی سەختە، ئەوی تریشیان برینداری زۆرە بەس دوورە لە گیان لە دەستدانەوە".  

دەستدرێژیکارەکە ٥٠ ساڵە و خەڵکی چەمچەماڵەو برای کەسێکە کە شەش مانگی لەمەوپێش کوژراوەو، ئەم دوو کەسە تۆمەتباران بە کوشتنی، ئەمیش ئەمڕۆ هاتووە بۆ تۆڵەکردنەوەی. 




PM:05:30:30/06/2024