"ئۆپراسیۆنی تورکیا لە ناو خاکی هەرێم هەنگاوێکی مەترسیدارە"

لێژنەی کاری ھاوبەشی چەپی کوردستانی ڕایدەگەیەنێت" تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئۆپراسیۆنێکی فراوانتر کە ئامانج لێی داگیرکردنی زیاتری خاکی ھەرێمی کوردستانە کە ئەوەش ھەنگاوێکی مەترسیدارە". 

لێژنەی کاری ھاوبەشی چەپی کوردستانی، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاڕاستەی ھێز و لایەنە کوردستانیەکان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حکومەتی عێراق، نوێنەرایەتی دبلۆماسی وڵاتان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە، بڵاویکردەوە" وەک ھەموو لایەک ئاگادارن و بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ و ئەو جموجۆڵە مەیدانیانەی لە ئارادایە، سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، سوپای ئەو وڵاتە  دوای ئەنجامدانی چەندین ئۆپراسیۆن لە رابردوودا، وا جارێکی دیکە ئامادەکاری دەکا بۆ ئۆپراسیۆنێکی فراوانتر کە ئامانج لێی داگیرکردنی زیاتری خاکی ھەرێمی کوردستانە، لەوبارەیەوە ھێنانی سەدان تانک و چەکی قورس و دانانی بازگە لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی مەترسیدارە". 

دەشڵێت" کێشە و گرفتەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بە شەڕ و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن چارەسەر ناکرێت، بە پێچەوانەوە گشت لایەک تێیدا زەرەرمەند دەبێت و کێشەکان قوڵتر و ئاڵۆزتر دەکات، تاکە ڕێگا بۆ سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی و تورکیا و عێراق و کوردستان بە تایبەتی، گەڕانەوەیە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن  بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێشێلکاری سەروەری عێراقە بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا رێگری لەو ئۆپراسیۆنە سەربازیە بکات". 

ئەوەش هاتووە" لەسەر سەرجەم ھیز و لایەن سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان پێویستە ڕەچاوی ھەڵومەرجی سیاسی ناوچەکە بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی بکەن، چونکە باشوری کوردستان لە ھەلومەرجێکی زۆر دژوارە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئابوری ھەم لە ناوخۆدا و ھەم لەگەڵ عێراق رووبەرووە، بۆیە پێویست دەکات ھەموو لایەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئاستی بەرپرسیارەتی بێت". 

ڕاشیگەیاندووە" سەرەڕای تێبینی و سەرنج و ناڕەزای زۆرمان لە بەرامبەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام دواجار ئەم ھەرێمە دەستکەوتێکی مێژووی گەلی کوردستانە بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستان، بۆیە تەنیا لە رێگەی ھەماھەنگی لایەنەکان و دەستگرتن بە ستراتیژی یەکێتی نەتەوەی دەتوانین بەرەنگاری پیلانی داگیرکاری ببینەوە کە دژ بە خاکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت". 



PM:07:41:01/07/2024