ناڕەزایەتییەکان دژ بە سوپای تورکیا لە ناوچەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و ئاڵای تورکیا لەسەر چەند دامەزراوەیەک لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە داگیرا.
ئاژانسی (فورات نیوز) ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە" دژی هەبوونی سوپای تورکیا لە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها دژی هێرشەکانیان بەرامبەر هاوڵاتیانی سنووری شاری قەیسەری تورکیا و دژی لێک نزیکبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارەکانی باب و ڕاعی و ئەعزاز و عەفرین دەستیپێکرد".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ هاوڵاتیانی ناڕازی ڕێگەی سەرەکییان لە شاری باب بە ڕووی بارهەڵگرەکانی تورکیا داخستووە و هێرشیان کردۆتە سەر بارهەڵگرەکان، هەروەها لە شاری ئەعزاز ئاڵای تورکیا لەسەر بینای ناسنامە و ناوەندی پۆستە خانەی تورکیا داگیرا.
ئەوەشی خستەڕوو، لە شاری عەفرین خۆپیشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا، بەڵام سوپای تورکیا دەستڕێژی گولـلەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.
لای خۆشیەوە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" بەهۆی گرژییەکانەوە تائێستا کەسێک کوژراوە و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون".