کوڕی بەرپرسێکی یەکێتی تەقە لە هاوڵاتییەک دەکات و پۆلیس دەستگیری دەکات

شەوی هەینی لەسەر شەممەی ڕابردوو کوڕی بەرپرسێکی یەکێتی تەقە لە هاوڵاتییەک دەکات و برینداری دەکات، دواتر لە لایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیردەکرێت. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، شەوی هەینی لەسەر شەممەی ڕابردوو کوڕی بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە بەرپرسە لە مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لە لای پێشانگای (علوجەکان) لەسەر کێبڕکێی ئۆتۆمبێل تەقە لە هاوڵاتییەک دەکات و دوو فیشەکی پێوەدەنێت کە یەکێک لە فیشەکەکان بەر ڕوومەتی دەکەوێت و برینداری دەکات، دواتر خێزانی ئەو هاوڵاتییە داوایی یاسایی لەسەر ئەو تۆمەتبارە تۆمار دەکەن. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، پاشان پۆلیس دەچن بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، بەڵام خێزانەکەی خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی دەکەن و لە ئێستاشدا ئەو تۆمەتبارە لە پۆلیسی تاسڵوجە دەستگیرکراوە و دەست بەسەر دەمانچەکەشیدا گیراوە. 

ماڵپەڕی (سپی) پەیوەندیکرد بە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی کە هەواڵەکەی بۆ (سپی) پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند" ئەو تۆمەتبارە لە ئێستادا دەستگیرکراوە لەلایەن پۆلیسی تاسڵوجەوە و دەست بەسەر چەکەکەیدا گیراوە و ئێستاش زیندانە لە بەندیخانەی پۆلیس". 

ئەو تۆمەتبارە کوڕی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، هاوکات زاوای کوێخا دێرینە کە ماوەیەک پێش ئێستا، بەهۆی کێشەیەکەوە کە لەگەڵ خێزانێکی دەوڵەمەندا هەی بوو، لەسەر فەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی خانووەکانی لە گوندی عوزێر ڕووخێندران. 



PM:08:22:01/07/2024