بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند" گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەستاون و زیانی ماددی زۆری بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووەو گەشتەکانی بەرێژەی ٣٥٪ کەمیان کردووە"
ئەمڕۆ سێ شەممە لیژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق سەردانی فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد و دواتر لەبارەی راگرتنی گەشتەکان و دۆخی فڕۆکەخانەکەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری سازکرا.
هەندرێن هیوا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند " لەماوەی ١٨ مانگی رابردوودا بەهۆی قەدەغەی گەشتی نێوان فڕۆکەخانەکانی تورکیا و سلێمانییەوە،٣٥٪ی گەشتەکان وەستاون".
هەروەها وتیشی " بەهۆی وەستانی گەشتەکانەوە زیانی ١٠ ملیۆن دۆلار بەر فڕۆکەخانە کەوتووە".
هەندرێن هیوا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی وتیشی" کار بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان دەکەن لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیادا".
ساڵی رابردوو ٢٠٢٣ەوە لە مانگی نیسانەوە گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیا راگیراون و راگرتنەکە ئەو گەشتانەش دەگرێتەوە کە ترانزێتیان دەکەوێتە تورکیاوە، هەروەها ئاسمانی تورکیا بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخراون کە هاتوچۆ بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکەن.