"بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لە دادگاییکردنی دەستدرێژیکاران بۆسەر مافەکانى ژنان"

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە رێکخراوێکی جیهانی مافی مرۆڤ و ئازادیەکانە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپۆرتێكى له‌باره‌ى ڕه‌وشى ژنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت" ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم شکستیان هێناوە لە پاراستنى مافەکانى ژنان". 

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە ناسراوە بە (ئەمنستی ئینتەرناسیوناڵ)، لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە" بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لە دادگاییکردنی دەستدرێژیکاران بۆسەر مافەکانى ژنان، بە تایبەت لە حاڵەتەکانی وەک (کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سووتاندن)". 

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌دا لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆى دەربڕیووە، بەهۆى کەمی ژمارەیەک ماڵى داڵدەدان و دەڵێت" نیگەرانین لە بوونى ژمارەیەکی کەم لە ماڵى داڵدەدان کە بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ناوچەکەدا بەردەستە".

هەروەها رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دابینکردنی بوودجەی زیاتر بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان دەکات.

دەشڵێت" ژنان کاتێک داوایەکى تاوانکاری تۆمار دەکەن، زۆر جار ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە لە لایەن هێرشبەر یاخود خێزانەوە، بۆ ئەوەی ناچاربن دەستبەرداری داواکەببن". 

هەروەها ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرەکەدا ڕه‌خنه‌ى توندیش لە ژمارەیەک دادوه‌ر دەگرێت کە لە بەرژەوەندی پیاوان بڕیار دەدەن و دەڵێت" سزاى هەندێک تاوانبار بەپێی تاوانەکە بڕیاری لەبارەوە نەداوە کە ئەمەش وایکردووە ژنان نایانەوێت بچنە دادگا". 

بەپێی ئامارێکی فەرمی کە لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی ساڵی (٢٠٢٣)دا (٣٠) ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و لە (٢٠٢٢)شدا (٤٠) ژن کوژراون نزیکەی (١٦) هەزار سکاڵاش لەسەر توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە.



AM:10:46:03/07/2024