بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی تەموزی ٢٠٢٤ بەشێك لە پێشمەرگەكانی لیوای (٩)ی پیادە گردبونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای چارەسەرکردنی كێشەكەیان دەكەن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەشێك لە پێشمەرگەكانی لیوای (٩) دژی پێنەدانی مووچە و بڕینی هاوكاری هاوپەیمانان لە شارەدێی ئەڵڵایی سنووری پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و داوای چارەسەركردنی كێشەكانیان لە حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم دەكەن.
لەو بارەیەوە پێشمەرگەکانی لیوای (٩)ی پیادە کە بەوتەی خۆیان ژمارەیان نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ کەسە، دەڵێن" لە ساڵی ٢٠٢٢دا سێ مووچەیان فەوتاوە و لە ئێستاشدا مووچەکانیان خەرجناکرێت، پێویستە بزانین هۆکاری سەرەکی راگرتنی هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزەکەمان چییە".
دەشڵێن" لە ماوەکانی ڕابردوودا مووچەکانمان هاوپەیمانان خەرجی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو هاوکارییە خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و حکومەتی فیدراڵیش بڕیاری خەرجکردنی هاوکارییەکەی داوە، بەڵام ناگاتە دەست ئێمە و دوو هەفتەیە ئەم کێشەیەمان هەیە".
ئاماژە بەوەش دەکەن، چەندین جار هەوڵی چارەسەرکردنی كێشەكانیانداوە و بەڵێنیان پێدراوە، بەڵام تا ئێستا كێشەكەیان چارەسەر نەكراوە.
جەختیش دەکەنەوە کە تا کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت و وەڵامیان دەدرێتەوە، بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان.