نەرمین مەعروف: هۆکاری دواکەوتنی مووچە حکومەتی هەرێمی کوردستانە

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند"تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگی حوزەیران نەنێردراوە و هۆکاری دواکەوتنی مووچە حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند"تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری هەرێم".

دەشڵێت " هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانە، مانگانە لیستی مووچە درەنگ دنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمە جگە لەوەی  لەچەند مانگی رابردوودا هەموو مانگێک کێشە لە لیستی مووچەخۆراندا  هەبووەو وەزارەتی دارایی عێراق داوای چارەسەرکردنی کێشەکەی کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند" وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی داوە و بڕیارە چوارشەممە یەکەم گوژمەی پارەکە بخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان".




PM:05:28:03/07/2024