" ئەوەی لە نەینەوا کرا دروستکردنی فیتنەبوو"


بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند" هەڵبژاردنی پۆستی قائیمقامی شنەگال و پۆستەکانی تر دروستکردنی فیتنەبوو لە نەینەوا".

نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە" دوای بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گۆڕینی بەرپرسی یەکە ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا، بە تەواوی نایاسایی و نادەستووری بوو، ئێمە بە ھەموو شێوەیەک ڕەتمان کردەوە و پارێزگاریش ناتوانێت بڕیاری نایاسایی و نادەستووری جێبەجێ بکات، بۆیە بڕیارەکە ڕاگیرا و کاری پێ ناکرێت.

هەرکی دەشڵێ" ناکرێ کاری نایاسایی لەڕێگەی ئەنجوومەنەوە ئەنجام بدرێت، ئەوەی کرا کودەتایەک بوو، بە شێوەیەکی میلیشیایانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، چونکە بۆ گۆڕینی بەرپرسە ئیدارییەکان، پێویستە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت، یاخود لە ئەنجوومەنی وەزیران یان ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاری لێ بدرێت، بۆیە بێ گوێدانە ھیچ ڕێکارێکی یاسایی، ئەو کارەیان کردبوو".

لە درێژەی قسەکانیدا هەرکی دەشڵێت" دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا لەبارەی دیاریکردنی بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان نایاسایی بوو، بۆیە ھەر لە سەرەتاوە ئێمە ڕەتمان کردەوە، داوا دەکەین چیتر بڕیاری نایاسایی و نادەستووری بەسەر خەڵکی پارێزگای نەینەوادا نەسەپێندرێت، بە ھۆی ئەوەی ئەو پارێزگایە جیاوازە لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە و پارێزگای پێکەوەژیانە و پێویستە بڕیارەکانی بە سازان بێت نەک بە زۆرینە، هەر ئەمجارە نا بەڵکو هەر کاتێک بڕیاری لەو شێوەیە بدرێت ڕێگە نادەین بڕیاری نایاسایی دژی نەینەوا بدرێت، چونکە ئێمە وەکو پارتی زۆرینەین و خاوەنی زۆرترین دەنگین، زیاتر لە ١٤٢ ھەزار دەنگمان بەدەست هێناوە، هەر بۆیەش ئەم بیرکردنەوە مەترسیدارانە کە فیتنەی نێوان پێکھاتەکانی لێ دەکەوێتەوە ڕەت دەکەینەوە".




PM:08:56:05/07/2024