سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی (نۆژین)، دوای بانگکردنی بۆ دادگای سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکردنەکەی دەستگیرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترایەوە.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی، خەڵکی کامێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی فەرهەنگی (نۆژین) دوای بانگکرانی بۆ دادگای شۆڕشی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی دوو سزاکەی دەستگیرکرا و بۆ تێپەڕکردنی سزای ٨ مانگ بەندکردنەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترایەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەیوان ئیبراهیمی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنەوە بۆ تێپەڕکردنی سزای یەک ساڵەکەی بە تۆمەتی "تێکدانی بنەمای گشتی" دەستگیرکرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترابۆوە و ئەمساڵیش لە بەندیخانەی بەندکراوە سیاسییەکان بە کەفالەت ئازاد کرابوو.
مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووش سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری زارا محەمەدی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی دروستکردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەت بە یەک ساڵ بەندکردن و بە کۆی گشتی بە ١١ ساڵ زیندانیکردن سزا درا، بەڵام ئەمساڵ سزاکەی هەڵوەشایەوە و لەو تۆمەتانە بێتاوان دەرچوو، سزای یەک ساڵەکەشی بۆ هەشت مانگ کەمکرایەوە.
سەیوان ئیبراهیمی ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژینە و مامۆستای زمانی کوردی و هاوسەری زارا محەمەدییە.