ئەمڕۆ لە کوشتارگەی سلێمانی قەسابەکان هیچ ئاژەڵێکیان نەهێنا بۆ سەربڕین لەبەرئەوەی کۆمپانیایەکی نوێ هێنراوەو لەگەڵ باجە کۆنەکانی کۆمپانیای سەگرمە، دەبێت قەسابەکان باجێكی تریش بدەن بەم کۆمپانیایانە کە قەسابەکان بە کۆمپانیای حزب ناوی دەبەن، قەسابێکی شارەزاش دەڵێت" بەردەوامی سەرنەبڕینی ئاژەڵ لە کوشتارەگەی سلێمانی خەڵکی شارەکە زەرەری گەورە دەکەن و مەترسیشیان لەسەر دەبێت".
ئەمڕۆ شەممە لە سلێمانی گۆشتی ئاژەڵ لە دوکانی قەسابەکان و چێشخانەکان زۆر کەمبوو، قەسابێکی شارەزاش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە " سپی " راگەیاند" گەر ئەم قەسابانە بەردەوام بن لەسەر نەهێنانی ئاژەڵەکانیان بۆ سەربڕین لە قەسابخانەکان ئەوا نرخی گۆشت گران دەبێت، هەروەها ئەگەر زۆرە خەڵک لە دەرەوەی قەسابخانە ئاژەڵ سەربڕێت و بخرێتە ناو بازاڕەوە، ئەمەش مەترسی تەندروستی هەیە، بەتایبەتی کە ئێستا پەتای خوێنبەربوون بە شێوەیەکی بەرچاو لە عێراق و سلێمانیش لە فراوانبووندایە".
قەسابخانە گرێبەستێکی درێژی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای سەگرمەدا بەپێی ئەو گرێبەستە هەر ئاژەلێکی برخ و بزن ٦ هەزارو ئاژەڵی گەورەی مانگا و گا ٣٠ هەزار دەدەن بە کۆمپانیاکەو دەمێک ساڵە بەمشێوەیەیە، بەڵام ئەم کۆمپانیایەی تازە هاتووە کە ئەویش پشکینی دەکات بۆ هەر ئاژەلێکی بچووک ٢ هەزار و پێج سەدو هەر ئاژەڵێکی گەورەش بڕی ١٠ هەزار وەردەگرێت، ئەو دەمە قەسابەکان دوو باج دەدەن، باجی کۆمپانیا کۆنەکەو باجی کۆمپانیا تازەکەش کە قەسابەکان رەتیدەکەنەوە.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو لە کوشتارگەی سلێمانی لەرووی لایەنی تەندروستییەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەرییە کە حکومەتەو پزیشک و کارمەندانی تەندروستی بێ بەرامبەر کاری خۆیان دەکەن، هەرچی لەرووی ئیدارییەوە سەر بە کەرتی تایبەتی سەرگرمەیە کە گرێبەستێک لەگەڵ پارێزگادا هەیە.