بەغدا داوای زانیاری نوێی هێزە ئەمنییەکان دەکات

بەرپرسێکی سەر بە هێزەکانی ٧٠ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە داواکارییەکی نوێی بەغدا بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان ئاشکرا دەکات، و ئەندام پەرلەمانێکیش ڕایگەیاند''بەغدا داوای ڕوونکردنەوە لە هەرێم دەکات''.

ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ـی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند'' بەغداد داوای زانیاری نوێی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئێمەش هەموو ئەو زانیاریانەی داواکرابوون داومانەتە وەزارەتی پێشمەرگە .

ئاماژەی بەوەشدا،  بەغدا داوای رۆژی دامەزراندن، کۆدی مووچە، ناوی چواری مووچەخۆر، ناوی سیانی دایکی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و پلەی سەربازی کردووە و هەموویمان بۆ وەزارەتی پیشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە.

وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو داواکاریانەی بەغدا بۆ دڵنیابوونەوەیە چونکە مووچەخۆر هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش مووچەی هەیە، یان خەڵکی عێراق نین و مووچەیان هەیە لەناو هێزە ئەمنییەکان.

لەلایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" عێراق تێبینی هەیە لەسەر لیستی مووچەی هێزە ئەمنیەكانی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێكی چاودێری دارایی دێنە هەرێم و دە ڕۆژیان پێویستە بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی وردبینی، و  حكومەتی هەرێم لەبەرامبەر داواکارییەکانی بەغدا درەنگ ڕەزامەند بووە بەپێدانی زانیاری لەسەر لیستەكان بۆ ئەمەش وەفدێكی چاودێری دارایی دێتەوە هەرێم و پێویستیان بە دە ڕۆژی دیكەیە بۆ تەواوكردنی ڕاپۆرتی وردبینی".



PM:05:32:07/07/2024