لە سنووری نەوسوودی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕێکخراوی هەنگاو کە گرنگی بە هەواڵی مافەکانی مرۆڤ دەدات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە کە بەهۆیەوە حەوت کۆڵبەر برینداربوون".
ڕێکخراوی هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان بە ناوی ئەیوب محەمەدی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، شەش کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی (ئەیوب مورادی، مەسیح مورادی، مەهدی بەشارەتی، مێهران عەبدی، پەیمان وەیسی و سەمیع زارعی) برینداربوون کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی زیران سەر بە شاری جوانڕۆ بوون.
لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، (٣٤) کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و (٢٣٦) کەسی دیکەش برینداربوون.