پەرلەمانتارێکی کورد ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و نانەوتی بە بەغدا و وەزیری دارایی عێراقیش هۆشداری داوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ( سپی) لەوێ ئامادەبوو لە سلێمانی ڕایگەیاند" تا ئێستا هەرێمی کوردستان پابەندنەبووە بە ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە حکومەتی فیدراڵی".
وتیشی: تەیف سامی" وەزیری دارایی عێراق ١٠ نووسراوی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیاندا داوای ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی کردووە".
سۆران عومەر هۆشداریشیدا کە بێدەنگی حکومەتی عێراق بەو مانایە نایەت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەیفی خۆی داهاتی نەوت و ناوخۆ کۆبکاتەوە و رادەستی نەکات و ئەو بابەتەشی بە "بۆمبێکی تەوقیتکراو" وەسفکرد کە لە داهاتوودا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن.
پەرلەمانتارەکە بە نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها ١٥٥ ملیار دیانری داهاتی نەوتی و نانەوتی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ی رادەستی بەغدا کردووە".
ئەوەشی خستەڕوو کە تەیف سامی لە نووسراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت لەبەردەم دەسەڵاتی یاساداناندا بەرپرسیارێتی ڕادەستنەکردنی ئەو داهاتەنە لە ئەستۆبگرن.