سەرجەم كەمپی ئاوارەکان لە هەرێم دادەخرێن

وەزیری کۆچبەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هاوکاری و نەرمی لە نێوان وەزارەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بەمەبەستی داخستنی کەمپەکانی هەولێر و دهۆک". 

ئیڤان فایه‌ق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كاتی داخستی كەمپی ئاشتی لە عەربەت ڕایگەیاند" بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکانی سلێمانی ڕادەگەیەنین". 

ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی ٢ هەزار و ٥٠٠ خێزان لە کەمپەکانی ئاوارەبوون لە سلێمانی دەژین کە هەزار و ٨٠٠ خێزان لێیەوە گەڕاونەتەوە، نزیکەی ٢٢ هەزار خێزانیش لە دەرەوەی کەمپەکان لە سلێمانی دەژین.

ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆ لەگەڵ ئەو خێزانانەی ماون دەکرێت سەبارەت بە گەڕانەوە یان نیشتەجێبوونیان لە سلێمانی، جگە لە ئاوارەكانی جسف سەخر كە ئەوان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی خۆیان. 

وەزیری كۆچ و كۆچبەران وتییشی" لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كاردەكەین بۆ داخستی ئەم دۆسیەیە بە تەواوەتی و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بە هاوكاری ئەو لیژنەیەی كە پێكهاتووە، سەرجەم كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان دادەخرێت". 

دەشڵێت" کەمپی ئاوارەکانی هەولێر و دهۆکیش دادەخرێت، دوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی لەلایەن وەزارەتی کۆچبەری فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان". 



PM:03:02:11/07/2024