پۆلیسی هەولێر لە ئۆپراسیۆنێکدا ١٢ کەس دەستگیردەکات

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكدا دەستیان بەسەر چەندین پارچە چەك و تەقەمەنیدا گرت و ١٢ تۆمەتباریشیان دەستگیركرد كە بە شێوەیەكی نایاسایی مامەڵەیان بە كڕین و فرۆشتنی چەكەوە دەكرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە و دەڵێت" دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگاداركراینەوە كە لە شوێنێكی شاری هەولێر بە شێوەیەكی نایاسایی مامەڵە بە كڕین و فرۆشتنی چەكەوە دەكرێت، دەستبەجێ تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد و پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو شوێنە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، ئۆپەراسیۆنێكمان بۆ سەر ئەو شوێنە ئەنجامدا و توانیمان دەستبەسەر چەندین جۆر پارچە چەكدا بگرین".

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە: یەك قەناس، ١٨ دەمانچە، ٩ كلاشینكۆف، ١٧٤ مەخزەنی چەك، زیاتر لە شەش هەزار فیشەكی جۆراوجۆر و چەندین كەلوپەلی سەربازیی تر و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل.

دەشڵێت" لە ئۆپەراسیۆنەكەدا ١٢ تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە مامەڵەیان بە چەكی نایاساییەوە دەكرد، سەرجەم تۆمەتبارەكانیش بەپێی ماددەی ١٥ی چەك، دراونەتە دادگا و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە".



PM:11:12:11/07/2024