کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: لە ٣ ملیۆن دەنگدەر تەنیا دوو ملیۆن ناوی خۆیان تۆمار کردووە

نزیکەی سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام تەنیا دوو ملیۆن و ٩٠١ هەزار و ٨٠ دەنگدەرن ناوی خۆیان تۆمار کردووە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند" نزیکەی سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئەو دەنگدەرانەی کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە، تەنیا دوو ملیۆن و ٩٠١ هەزار و ٨٠ دەنگدەرن".

جومانە غەلای وتیشی" لەو ژمارەیەدا دوو ملیۆن و ٦٧٢ هەزار و ٤٣ کەس لە دەنگدانی گشتی و ٢٣٩ هەزار و ٣٧ کەسیش لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن".

لە پارێزگای هەولێر، ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە یەک ملیۆن و ١٦ هەزار و ٣٥٧ دەنگدەر  کە ٩٢٨ هەزار و ٨٢٣ دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و ٨٢ هەزار و ٥٢٥ دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت لە خۆدەگرێت".

ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای سلێمانی، بریتییە لە ملیۆنێک و ١٤٦ هەزار و ٥٣٠ دەنگدەر و یەک ملیۆن و سێ هەزار و ٧٧٢ دەنگدەر لەدەنگدانی گشتی بۆیان هەیە دەنگ بدەن و ٧٤ هەزار و ٩١٥ دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت .

هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە ٧٣٨ هەزار و ١٩٣ دەنگدەر  کە ٦٨٠ هەزار و ٤٤٣ دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و ٥٥ هەزار و ١٠٠ دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

کۆی گشتی دەنگدەران لە پارێزگای هەڵەبجە، بریتییە لە ٦٢ هەزار و ٥٨٤ دەنگدەر کە ٥٩ هەزار و پێنج کەس مافی ئەوەیان هەیە لە دەنگدانی گشتی دەنگ بدەن و ٥٧٩ دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی بۆهەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.




AM:09:19:12/07/2024