فواد حسێن: تورکیا هێرشی نەکردووە، جموجوڵی سەربازی کردووە


فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوویە کە ئامادەش نەبوو " پەکەکە " تیرۆریست ناوزەد بکات، لەبارەی ئەم هێرشەی ئێستای تورکیا دەڵێت " جموجۆڵی سەربازی توركیا لە هەرێمی كوردستان هەیە نەك هێرشی سەربازی و لە (15ـی ئاب) لەگەڵ توركیا كۆدەبینەوە".
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کە ئێستا لە ئەمەریکا لە میانەی وەفدێکی عێراقی بۆ چەند پرسێکی گرنگ سەردانیان کردووە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لێدوانێکی جیاوازی لە لێدوانە پێشووەکانی بڵاوکردەوە.

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند " لە هەرێمی كوردستانی عێراق جموجۆڵی سەربازی هەیە، بەڵام توركیا هیچ هێرشێكی سەربازی ئەنجام نەداوە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وەزیری دەرەوە پاساو بۆ هێزەکانی تورکیا لە عێراق دەهێنێتەوەو دەڵێت " بەشێكی زۆری ئەو هێزانە لە ساڵی (١٩٩١)ـوە بنكە و بارەگایان لە هەرێمی كوردستانی عێراق كردوەتەوە.  "

ئاشکراشی دەکات، لەگەڵ لایەنی توركی بەردەوام كۆبونەوە دەكرێت و بڕیاریش وایە لە ١٥ـی ئاب لەگەڵ هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە ئەنقەرە كۆبونەوەی باڵای (لیژنەی ئەمنی سیاسی) ئەنجام بدرێت.

لە بارەی بابەتەکانی تری سەردانەکەیانەوە وتی " لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا گفتوگۆ بابەتی سیاسیی و ئابوری كراوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئەو بانكانە عێراقییانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەكانی ئەو وڵاتەوە روبەڕوی سزاكراونەتەوە كراوە و بریاریش وایە كۆبونەوەكان بەردەوام بن".

ئەوە لە کاتێکدایە کە لایەنەکان جگە لە پارتی و هەموو حزبەکانی تر و رای گشتی خەڵکی کوردستان و شایەتحاڵەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تورکیا دوو مانگ زیاترە هێرشێکی گەورەی لە ناوچەی ئامێدی برادۆست دەستپێکردووەو چەندان بنکەی سەربازی نوێی دروستکردووە.





PM:08:49:12/07/2024