وەزیری ناوخۆی هەرێم رایدەگەیەنێت" هەلی كار لە هەرێمی كوردستان لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی ناوچەكە باشترە".
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ شەممە لە مەراسیمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجانی هەرێم و تاراوگە، ڕایگەیاند" ساڵانە نزیکەی ١٠٠ هەزار ڤیزا بە دەستی کاری بیانی دەدەین، هەر بۆیە هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە هەرێمی کوردستان هەلی کار نییە".
وتیشی" سەقامگیری هەلی کار و دەرفەتی پێشکەوتن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی شارەكانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە باشترە، هەر بۆیە هەرگیز بە کەم سەیری پێشکەوتنەکانتان مەکەن و ڕاستییەکان وەکو خۆیان ببینن".
ڕێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند" لە پشتیوانی هیچ پرۆژەیەک کە پاڵپشت بێت بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنیان درێغیمان نەکردووە".