پێنج چالاکوانی ژن بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان دەستگیرکران

پێنج چالاکوانی ژن کە ساڵی ڕابردوو دەستگیرکرابوون و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەیان دەستگیرکران و بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواسترانەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" بەیانی ئەمڕۆ پێنج چالاکوانی ژن بە ناوەکانی (جیلوە جەواهیری، نگین ڕەزایی، ئازادە چاوشیان، فرووغ سەمیع‌نیا و شیوا شاە سیاە) کە ساڵی ڕابردوو دەستگیرابوون، دوای بانگکردنیان بۆ خانەی دادی ڕەشت دەستبەسەرکران و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواسترانەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو سزایەی کە ئەمساڵ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بە سەرۆکایەتی مێهدی ڕاسخ دەرکرابوو، شیوا شاە سیاە خەڵکی لاهیجان، نگین ڕەزایی خەڵکی فوومەن، فرووغ سەمیع‌نیا و ئازادە چاوشیان خەڵکی ڕەشت، هەر یەک بەتۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە نایاساییەکان" ٢ ساڵ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ و سەرجەمیان هەر یەک سزای ٦ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتا ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەش دەکات، جیلوە جەواهیری خەڵکی ڕەشت، کەسێکی دیکەی ئەو دۆسیە هاوبەشە بە تۆمەتی "چالاکی  دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو پێنج چالاکوانە ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی دەستبەسەرکرانی بەربڵاوی چالاکانی ژن لە گیلان دەستگیرکرابوون. 



PM:06:54:13/07/2024