گەنجێکی دێرلووک دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەیان کە ناوی " سێرێ " لەوێ سوپای تورکیا دەستگیری دەکەن و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەیهێڵنەوە، دواتر ئازادی دەکەن، بەڵام لەو کاتەوە ئاسایشی هەرێم لە ناوچەکە دەستگیریان کردووەو ئازادی ناکەن.
ئەیهان سەعید چالاکوانی بادینان لە راگەیاندنێکدا کە بۆ رای گشتی بڵاوکردۆتەوە، دەڵێت" ژینگەپارێزی نیشتەجێی (دێرەلوك) نێچیرڤان سروشت، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە ٧ی تەمموز، دەیەوێت سەردانی گوندەكەیان (سێرێ) بكات، لە رێگای چوونی بۆئەوێ، تیمێکی گەڕۆکی سەر بە بنکەی سەربازی تورکیا لە (گەلی رەشاڤا) کە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی (دیرەلۆک) دوورە، رێگای لێدەگرن، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکەن و ناهێڵن بچێتە گوندەکەی".
لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووشە" لە هەمان شوێن و كاتدا، جەندرمەكانی سوپای توركیا كە بنکەیان لەوێ داناوە، دەست دەكەن بە سووتاندنی رەز و باخی گوندی (سێرێ)، لەو كاتەدا نێچیرڤان سروشت هێرشەكە دەبینیت و گرتە ڤیدیۆی دەستدرێژی و تاوانەكەیان دەگرێت، بە شێوەیەكی مەدەنییانە رووبەرووی بەرپرسی تیمی سوپاكەی تورکیا دەبێتەوە و ناڕەزایی دەردەبڕێت، پێیان دەڵێت "بۆچی گوندەكەم دەسووتێنن؟" بەڵام هێزەکانی سوپای تورکیا راستەوخۆ دەستگیری دەكەن، دوای دەستگیركردنی بۆ چەند كاتژمێرێك و هێشتنەوەی لە بنكە سەربازییەكە، بە فشاری كەسوكاری ئازاد دەكرێت."
ئەیهان سەعید لە درێژەی راگەیاندنەکەیدا ئاشکرای دەکات کە " لە کاتێکدا دەبوو، دامودەزگا ئەمنییەكانی هەرێم ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بە دەستگیركردنی هاووڵاتییەكی ژینگەپارێزی پارێزگای دهۆك لەلایەن سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێم، هەروەها ستایشی ئازایەتی ئەو گەنجە ژینگەپارێزەیان بكردایە بەرامبەر بە قبوڵنەكردنی سووتانی گوندەكەی، بەپێچەوانەوە تەنیا دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر ئازادكردنی لەلایەن سوپای توركیاوە، سەرلەبەیانی رۆژی ٨ی تەمموز، تیمێکی ئاسایشی دهۆک، بەبێ بڕیاری دادوەر و بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختە، هەڵدەکوتنە سەر ماڵەكەی لە (دێرەلۆک) و دەیڕفێنن، نێچیرڤان تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە".
لە ئۆپەراسیۆنی نوێی سوپای تورکیا کە لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستیپێکرد، چەندین بازگەی سەربازییان داناوە و لێپرسینەوە لە خەڵکی گوندەكانی پارێزگای دهۆك دەکەن، بەتایبەت ئەو گوندانەی بە تەواوی لەلایەن سوپاكەیانەوە داگیركراوە، ئاگاداری دەدەنە گوندنشینان گوندەکانیان چوڵبکەن، زۆر بە روونی و ئاشکرا رەز و باخ و پاوانی گوندەکانی وەک (سەرگەلێ، گوهەرزێ، دێرەشێ، مژێ، کەفنە مژێ، گرگاشێ، سپیندارێ، ئەرەدنا، بابیرێ، گیزێ، دێمکا، بۆسەلێ و چەندان گوندی دیکە) دەسوتنێن، تەنیا لە ماوەی ٢٦ رۆژدا دوو هەزار دۆنم زەویان سوتاندووە و، تێکڕای ئەو دارستانانەی لە ٢٠٠٧ەوە سووتێندراون نزیکەی دوو ملیۆن دۆنمە.