بەهۆی هەژارییەوە کچە خوێندکارێک لە شارى کامێرانی رۆژهەڵاتى کوردستان کۆتایى بە ژیانى خۆى هێنا.
رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی تەمموزی ٢٠٢٤ بڵاویکردەوە" کچە خوێندکارێک بە ناوی سایان تەوانگەری تەمەن ١٨ ساڵان خەڵکی گوندی (وشترمل) سەر بە شاری کامێرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە گیانی لەدەستدا".
ڕێکخراوی هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕاشیگەیاندووە" کچەکە خوێندکار بووە لە ڕێگەی خواردنی دەرمانی (ترامادۆل) کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سایان تەوانگەری دەرچووی قۆناغى ئامادەیى بووە و بە نیاز بووە لە زانکۆ درێژە بە خوێندنەکەی بدات، بەڵام بەهۆى هەژارییەوە نەیتوانیوە بەردەم بێت لە خوێندن و بەو هۆیەوەشەوە کۆتایى بە ژیانى خۆى هێناوە.
هەروەها هانگاو دەشڵێت" باوکی سایان ئالودەی ماددەی هۆشبەرە و دوای دەرچوونی کچەکەی لە قوتابخانە بە کچەکەی وتوە کە ناتوانێت تێچووی زانکۆکەی دابین بکات و هەر بۆیەش ناوبراو هەوڵی خۆکوشتنی داوە".