دنیا عادل لەبارەی هۆکار و چۆنیەتی دەستگیرکردنەکەی ڕوونکردنەوە دەدات

د. دنیا عادل لەبارەی دەستگیرکردنەکەی ڕایدەگەیەنێت" مەترسی لەسەر ژیانی خۆم و خێزانەکەم هەیە". 

دکتۆرە دنیا عادل، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم دادگای هەولێر ڕایگەیاند" هەرچەندە بە پێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکرابووم، بەڵام لە کاتی دەستگیرکردنم وەک ئەوەی کەیسەکەم ماددەی هۆشبەر بێت رەفتارم لەگەڵ کرا".

ڕاشیگەیاند" هێزێکی زۆر هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و جلەکانمی پشکنی تەنانەت جلەکانی ژێرەوەشم هێندرانە دەرەوە و پشکنینیان بۆ کرا". 

دەشڵێت" کێشەکەم بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە کە تێیدا کەسێک بە ناوی (ه،و،خ) داوای کاری بە دڕەوشتی لێکردم، بەڵام من ڕەتمکردەوە و هەڕەشەی لێکردم، ئێستاش ئەو سکاڵای دژی من تۆمارکردوە". 

دنیا عادل وتیشی" مەترسی لەسەر ژیانی خۆم و خێزانەکەم هەیە، چونکە ئەو کەسە پێی وتوم ئەبێت واتلێکەم هەموو ژیانت لە زینداندا بەسەر بەری یان وادەکەم بە دەستی خۆت خۆت بکوژیت یان خۆم دەتکوژم". 

لەبارەی تۆمارێکی دەنگی کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە د. دنیا عادل دەڵێت" دەنگەکان دروستکراون و بە هیچ شێوەیەک من ئەو قسانەم نەکردووە". 

ڕاشیگەیاند" بۆچی یەکێتی و ڕێکخراوەکانی بواری ژنان لەبارەی کەیسەکەم بێدەنگن، لە کاتێکدا من کەیسەکەم بۆهێنان وتم ئەمە کەیسەکەمە کە چی بێدەنگ بوون و نەهاتنە سەر خەت، ئەمە شەرەفی خوشک و دایکی هەر یەکێک لە ئێوەیە ڕەنگە ئەوەی بەرامبەر بە من کرا بەرامبەر بە ئێوەش بکرێتەوە". 

دەشڵێت" تائێستا مۆبایلەکەم لە لایەن مەرکەزی بەختیاری دەستی بەسەردا گیراوە بە فەرمانی دادوەر، هەر بۆیە بەرپرس نیم لە پەیجەکانی خۆم و لەو مۆبایلە شەخسیەی خۆم، تائێستا نازانم مۆبایلەکەم چی پێکراوە لە کاتێکدا کۆمەڵێک شتم بۆدێت کە دەڵێن مۆبایلەکەت دزەی پێکراوە". 

ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە د. دنیا عادل کە پیشەی پزیشکی ددانە لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، دوای دەستگیرکردنیشی دایكی د. دنیا بڵاویکردەوە کە" هێزێکی دەمامکدار کچەکەیان بە ناوی بافڵ تاڵەبانیەوە هەڕەشەیان لێکراوە و لە ماڵەوەیان کچەکەیان رفاندووە". 

وتیشی" چەند جارێك بە نامە و تەلەفۆن بە ناوی بافڵ تاڵەبانیەوە هەڕەشەمان لێدەكەن، ئەو كەسە چەند جارێكە هەڕەشە دەكات، بەڵام كچەكەمان نەچووەتە ژێر بار، دوو هەفتەیە لە ترسا نەچووە بۆ دەوام".

هەروەها دواتر لای خۆشیەوە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە" د. دنیا عادل فەرمانی دەستگیركردنی بەپێی ماددەی ٢ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن بۆ دەرچووە". 



PM:10:42:14/07/2024