سلێمانی.. ئاماری ئاگرکەوتنەوەی شەش مانگی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە ئاماری ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا ڕووی لە ناوچەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە بڵاوکردەوە. 

عەمید هێمن کەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ٩ هەزار و ٤٠٠ دۆنم زەوی و دارستان و زیاتر لە هەزار دۆنمیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٦٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی و باخی میوە کە هی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی بووە سووتاون. 

کەمەرخان ئەوەشی خستەڕوو، زیانەکان تەنها ماددی بوون و هیچ زیانێکی مرۆیی تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەم ئاگرکەوتنەوانە زیانێکی زۆریان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە. 

دەشڵێت" تیمەکانی بەرگری شارستانی بەدواداچوونەکانیان ئەنجامدا بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی ئەو ئاگرکەوتنەوانە کە زۆربەیان بە هۆکاری نادیار ڕوویداوە". 

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥ هەزار و ٥٠٠ ئاگر لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون. 



PM:07:49:15/07/2024