تورکیا لەماوەی یەک مانگدا ٣٨١ جار هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێم ئەنجامداوە

لە (١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)ەوە بۆ (١٥ی تەمووزی ٢٠٢٤) لەماوەی یەک مانگی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سوپای تورکیا (٣٨١) جار هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ڕاپۆرتێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە بڵاوکردەوە لە ١٦ی حوزەیرانەوە تا ١٦ی ی تەمووزی ٢٠٢٤ و رایگەیاند" لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان (٩) گوند بە تەواوەتی چۆڵبوون، و (١٨٤) خێزان ئاوارەبوون،  زیاتر لە (٦٨،٠٠٠) دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستان سوتاون، (١) کەنیسە، (١) کارگەی تەحینی، (١) ئۆتۆمبێل، (٢) سەرچاوەی ئاو، (١٩) خانووی هاووڵاتی مەدەنی بۆردوومان کراون و وێران بوون، (١) هاووڵاتی مەدەنی برینداربووە،و کارەبای گوندەکانی بەری گارێ و گوندی میسکا بە ئامانجگیراون و لە کار کەوتوون، هەروەها  ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و بورجی تەلەفۆنی هێڵەکانی پەیوەندیکردنی تورکیا، لە بارەگا سەربازییەکانی تورکیاوە کاریگەرییان کردووەتە سەر هێڵەکانی پەیوەندیکردنی زیاتر لە (١١٠) گوند".

CPT دەڵێت "هێرشەکانی مانگێکی رابردووی تورکیا ٣٣٩  یان بە فڕۆکەی جەنگیی بووە، ٣٥ تۆپباران و ٧ هێرشی درۆنیی بووە".
 
هێرشەکانی مانگی رابردووی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆرینەیان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک بووە کە ٢٨٩ هێرشە، هەروەها ٤٨ هێرش بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و ٤٣ هێرشیش بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و هێرشێکیش کراوەتە سەر شنگال لە سنووری پارێزگای نەینەوا. 
 
" لە ١٥ـی حوزەیران بۆ ١٥ی تەممووز، بەهۆی "هێرشەکانی تورکیاوە یەک هاونیشتمانی لە سیدەکان بریندار بووە، ١٨٤ خێزان ئاوارە بوون؛ ٦٨ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی سرووشتی سووتاون، ١٩ خانوو زیانیان بەرکەوتووە".( رێکخراوەکە دەڵێت)
 
لەراپۆرتی رێکخراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی مانگێکی رابردوودا زیان بەر کەنیسەی گوندی میسکە کەوتووە، هەروەها دوو پڕۆژەی ئاو یەکێکیان ئاوی خواردنەوە و ئەوی دیکە کشتوکاڵی بە ئامانج گیراون، هاوکات کارگەیەکی تەحین بۆردوومان کراوە و ئۆتۆمبێلێکیش زیانی بەرکەوتووە، و بەهۆی بۆردوومانەوە کارەبای گوندەکانی بەرگارێ و میسکە بڕاون".
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە "بەهۆی هاتنی سوپای تورکیاوە کێشەی بۆ هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ زیاتر لە ١١٠ گوند دروستبووە، بەجۆرێکە خەڵک لە سنووری ئامێدی نامەی بۆ دێت و بەخێرهاتنی بۆ تورکیا دەکرێت".
 
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، سەرەتای ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی شەش، "سوپای تورکیا ١٠٧٦ جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە؛ ٩٣%ی ئەو هێرشکردنە بە فڕۆکەی جەنگی بووە؛ ئەوی دیکەی بۆردوومان بە درۆن و تۆپباران بووە."
 
بەپێی ئامارەکانی (CPT)، تەواوی ساڵی رابردوو تورکیا ١٥٨٤ جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
 
هەر بەگوێرەی (CPT)، زۆرینەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە، بەتایبەت لە سنووری چیاکانی گارە و مەتین. ئەو گوندانەی ئەم ساڵ زۆرترین بۆردوومان و تۆپباران کراون لە سنووری چیای گارە، بریتین لە: گوهەرزێ، بەرچێ، بەلاڤا، کانێ، ئاشکێ بێرێ، سەرگەلێ.
 
بەشێکی دیکەی ئەو گوندانەی سنووری پارێزگای دهۆک کە لە سنووری چیای مەتینن و بەر بۆردوومان و تۆپباران کەوتوون بریتین لە مژێ، کەڤنەمەژێ، سپیندارێ، دێرەشێ، گیرگاشێ. 
 
بەگوێرەی ئاماری (CPT)، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، زیاتر لە ١٧٠ گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و ٦٠٢ گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
 
لەبارەی ئاماری قوربانییەکانی شەڕەوە، رێکخراوەکە رایگەیاندووە "لە ساڵی ١٩٩١ـەوە ٣٤٤ هاونیشتمانی سڤیل لە ئەنجامی شەڕەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیاوە شەهیدبوون و ٣٥٩ کەسیش بریندار بوون، لەنێویاندا ئەم ساڵ هەشت شەهید و دوو بریندار هەیە."




PM:08:05:16/07/2024