"تا ئێستاش 6 پێشمەرگەو خەڵكی مەدەنی لای میلیشیا شیعەكان گیراون"
فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت ژمارەی میلیشیا شیعەكان لەمیحوەری خورماتو زیاتر لەهەزار كەس دەبێتو نازانرێت دوای داعش كێشەی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارە شیعەكان بەكوێ دەگات. دەشڵێت: تا ئێستاش 6 پێشمەرگەو خەڵكی مەدەنی لای میلیشیا شیعەكان گیراون
لەمبارەیەوە عەبدوڵا بۆر سەرپەرشتیاری ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری خورماتوو لە لێدوانێکیدا بە SNN ی راگەیاند، کاتێک شیعەکان ھاتنە دوز خورماتوو ھاوکاری ئێمەیان کرد لەشەری داعشدا، بەڵام بە بیانوی ئامرلی ھاتنە ناوچەکە بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچەیە کە دانیشتووانەکەی شیعەیە، دوای ئازادکردنی ئامرللی، دواتر مانەوەو دەستیان کرد بە گێچەڵ کردن بە دانیشتووانی ناوچەکەو ھێزی پێشمەرگە، بۆیە چەندین کێشە لە ناوچەکەدا دروست بوو، بۆ ئەو مەبەستە رێککەوتنمان لەگەڵ کردن کە کێشە دروست نەبێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە چەند ھێزێکی جیان دووبارە کێشە دروست دەکەنەوە .
وتیشی، چەندین جار دانیشتمان کردووەو بەمیلیشیا شیعەکانمان وت ئێوە لە داعش خراپترن و خەڵکی سڤیل دەستگیر دەکەن و گێچەڵ دەکەن، لە ئێستاشدا (٦) کەس لە خەڵکی ئاسایی ناوچەکە و پێشمەرگە لەلای بەرپرسەکانی ھێزە میلیشیاکان دەستگیرکراوان بەبیانووی کە کێشەیان لەگەڵ شیعەکاندا دروست کردووە .
عەبدوڵا بۆر ئەوەشی خستەروو "ژمارەی میلیشیا شیعەکان زیاتر لە (١٠٠٠) چەکدار دەبن، نازانرێت کێشەی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە دوای چەکدارانی داعش لە داھاتوودا لەگەڵ شیعەکان چی دەبێت .
ناوبراو راشیگەیاند، ئەگەر میلیشیا شیعەکان پابەندنەبن بە رێککەوتنەکانەوە زەرەر دەکەن و ناچار دەبین لە ناوچەکە دەریان بکەین و رووبەرویان بینەوە، بەڵام ئێمە نامانەوێت شەرو ئاژاوە لە ناوچەکەدا دروست بێت .
PM:01:51:27/10/2014