چەندین بەرپرسی باڵای حیزبی‌و حكومی‌و سەربازیی لە بازرگانیكردنی نەوتەوە گلاون


پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك ناوی نوێ دەداتە حكومەت كە چەندین بەرپرسی باڵای حكومی‌و حیزبی‌و سەربازیی لەخۆ دەگرێت كە بارزگانی نەوتیان لەگەڵ داعشدا كردوە.

لەمبارەیەوە شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەی هاوڵاتی وتوە: لە کۆبونەوەکەی دوێنێدا ئێمە هەندێک ناوی نوێمان داوە بە وەزارەتی ناوخۆ کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن لەگەڵ چەکدارانی داعش و جگە لەوەش چەند زانیاریەکی دیکەشمان دایە وەزارەت.

سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پرسەدا چەند ماسیەکی بچوک تێوەگلاون و چەند ماسیەکی گەورەش پێوە بون ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێوەگلانی بەرپرسانی باڵا.

سەبارەت بە ناوی ئەو کەسانەش کە تێوەگلاون، شیرکۆ جەودەت ئامادەنەبوە ناوی هیچ یەکێک لەوانە ئاشکرا بکات و تەنها وتی: ماسیە گەورەکان تێکەڵن لە بەرپرسانی حکومی و حیزبی و سەربازی.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کۆکن کە ئەو کەسانە بە پێی یاسای تیرۆر سزا بدرێن.




PM:02:00:27/10/2014