کاتی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ دیاری دەکرێت

بڕیارە لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕابگەیەنرێت و وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، ڕۆژی هەینی ئەنجامەكان ڕادەگەیەنین.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی ١٩ی تەمموز، لە كاتژمێر ٨ی ئێوارە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ڕادەگەیەنین.

پێشتریش سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندبوو، وردبینیکردن لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەرسێ بەشی (زانستی و وێژەیی و پیشەیی) تەواو بووە و ئەم هەفتەیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕادەگەیەنرێت.

ئاشكراشی كردووە، لەگەڵ ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، سەرجەم پەڕەی سۆمای یەک بە یەکی تاقیکردنەوەکان لەڕێگەی لینکێکەوە دەدرێتەوە خوێندكاران، بۆ ئەوەی سەیری وەڵامەکانیان بکەن و هیچ گومانێکیان نەمێنێت.

ئەمساڵ ١٢٢هەزار و ١٥ خوێندكار لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشداریی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ یان کردووە.



PM:05:38:17/07/2024