هێزەکانی ٧٠ ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ مانگی تەموز لە دەرەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم لیست بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
هێزەكانی ٧٠ی پێشمەرگەی سەربە یەكێتی رایانگەیاند" خەرجكردنی موچەی مانگەكانی ئایارو حوزەیرانی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە، وەك شایستەیەكی دارایی مانگانەو بەرامبەر ئەركەكانیان لە پاراستنی هەرێمی كوردستان مایەی خۆشحاڵییەو دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانیان لە خزمەتكردنی وڵاتدا".
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" هیوادارین لەمەودوا هیچ ئاستەنگێك نەیەتە رێی ئەم پڕۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق و بەم بۆنەیەوە ئێمە لە فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ی پێشمەرگەی كوردستان بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین لەناو هێزەكانی فەرماندەیمان هیچ ناوێك بوونی نییە كە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێكی تر بێت جگە لە رەگەزنامەی عێراقی و یەك ناویش نییە كە وجودی ماددی و فیزیكی نەبێت، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە".
هێزەکانی ٧٠ دەشڵێن " بۆیە روون و رەوان رایدەگەیەنین كە بۆ موچەی ئەم مانگی تەمموزە ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە كە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەكانمان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواكراوی پێویستیەوە پێشكەش بكەین و چیتر ئامادەنین موچە و قووتی بنەماڵەكانیان بكرێتە بارمتەی ناروونی زانیاری و داتاگەلێك كە پەیوەندی بە هێزەكانمانەوە نییە، تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق راستەوخۆ لیستەكانمان لێوەربگرێت ئێمە ئامادەكاریی تەواومانكردووە و گومانمان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاكانمان نییە".
ئەم هەنگاوەی ئەم هێزە هەنگاوێکی نوێیە کە داوابکرێت لە دەرەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم راستەوخۆ مووچەی یەکەیەکی یەکێتی بدرێت.