بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨ی تەمموزی ٢٠٢٤ دوو گەنج بە مەبەستی کاری هەنگەوانی ڕوویان لە چیای زێبار کردووە، بەڵام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا کراونەتە ئامانج.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە شوێنی بۆردومانەکە کەسێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.
ئەو کەسەی لە ئەنجامی بۆردومانەکە گیانی لەدەستداوە ناوی (عوسمان روژدی مروانسییە) خەڵکی دەڤەری رێکانە لە ناحیەی شێلادزێ، هەروەها لە ئێستادا کەسوکارەکەی لە هەوڵدان تا تەرمەکەی لە چیای زێبار بێننە خوارەوە.
بریندارەکەش خەڵکی ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدییە.