وێنە.. ئەرشیف
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (سی پی تی) زانیاری نوێی دەربارەی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ناحیەی شیلادزێ بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەو هاوڵاتییە پیشهی پێشمەرگەیە و لە کاتی هەنگەوانیدا پێکراوە".
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (سی پی تی)، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" کاتژمێر (٥:٢٥) خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندی (بەریسکێ)یان کرد لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا هاوڵاتییەک بە ناوی (عوسمان رژدی ڕێکانی) تەمەن (٣٢) ساڵ گیانی لەدەستداوە کە پیشەی پێشمەرگەیە و لە کاتی هەنگەوانیدا پێکراوە.
کامەران عوسمان باسی لەوەشکردووە، ئەمە دووەمین جارە لە ماوەی ئەمساڵدا کە سوپای تورکیا بۆردوومانی گوندی بەریسکێ دەکات و هاوڵاتیانی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت، لە ڕۆژی ٨ی ئازاری ئەمساڵیشدا دوو هاووڵاتی دیکەی مەدەنی لە هەمان گوند بە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا کرانە ئامانج کە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و هاوڵاتییەکی دیکەی مەدەنیش برینداربوو.
گوندی بەریسکێ لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی دینارتەیە لە قەزای ئاکرێ و لە ڕووی جوگرافییەوە سەر بە ناحیەی شیلادزێیە لە قەزای ئامێدی.
لەم ساڵدا، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمدا، ٩ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و دوو هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون.