ئەو کۆمپانیایانەی بە ڤیزای گەشتیاری خەڵکیان بردووە بۆ سعودیە سڕدەکرێن

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەو کۆمپانیایانەی بە ڤیزای گەشتیاری خەڵکیان بردووە بۆ سعودیە سڕ دەکرێن". 

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لیژنەیەک بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیایانەی کە لە دەرەوەی وەزارەتەکە خەڵکیان بە مەبەستی بە جێگەیاندنی فەریزەی حەج بردووەتە سعودیە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی چەند هاوڵاتییەک". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەنگاوی یەکەمدا بڕیاردراوە ئەو کۆمپانیایانەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و بە ڤیزای ساڵی و ڤیزای گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەکان خەڵکیان بردووە بۆ وڵاتی سعودیە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان پێدێت، سڕ دەکرێن و مافی بەشداریکردنیان نییە بۆ گەشتەکانی عومرە.

ئەوەش هاتووە" ئەو کۆمپانیایانەی هیچ کێشەیەکیان نییە و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەشێوەیەکی یاسایی خەڵکیان بردووە بۆ حەج، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگاداردەکرێنەوە کە بەشدار دەبن لە گەشتەکانی عومرە، دوای دەرچوونی رێنماییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە". 

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا دەکات، هەر کەسێک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیاییەک هەیە کە مافی زەوتکردووە و بە نایاسایی مامەڵەی لە گەڵکراوە و زەرەرمەند بووە لە رێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەکانەوە، تا (١٠) ۆژی دیکە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن.



PM:01:33:18/07/2024