لیژنەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و وردبینی لە لیستی ناو و مووچەدا، چەند تێبینییەکی داوەتە هەرێمی کوردستان و وتویەتی " کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەکرێت".
لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لە ناو و لیستی مووچەی مووچەخۆران (سەربازی و سڤیل) سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان لیژنەکە بە هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە" کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە و بەمزووانە کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت".
لەبارەی کێشەی مووچەی سەربازیشەوە، لیژنەکە وتویەتی" پێشمەرگەی لیواکانی بەرگری و فریاکەوتن و نەوت و گاز بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ش بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
سەرەتای ئەم هەفتەیە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکرد و "هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکات و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیەدا نەبووە".
بە پێی زانیارییەکان چاودێریی دارایی عێراق و کوردستان لەم رۆژانەدا راپۆرتی کۆتایی ئامادە دەکەن.