سنە.. ژنێکی گەنج لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

ژنێکی گەنجی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کۆتایی بە ژیانی هێنرا. 

ڕێکخراوی هەنگاو کە گرنگی بە هەواڵی مافەکانی مرۆڤ دەدات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٤ بڵاویکردەوە" ئایدا حەیدەریانی تەمەن (٣١) ساڵ و خەڵکی شاری سنە بە دەستی هاوسەرەکەی بە ناوی ئارام زارعی کوژرا". 

ڕێکخراوی هەنگاو دەشڵێت" تۆمەتبار کە پێشتریش بەهۆی لێدانی هاوسەرەکەی سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو، ئایدای لە ماڵەکەی خۆیاندا بە لێدانی چەندین زەربەی چەقۆ کوشتووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئایدا حەیدەریان فەرمانبەری دەرمانخانەی مانگی سووری سنە بووە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە هەڕەشەی لێکراوە و بە خراپی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە.

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" ئارام زارعی دوای کوژرانی هاوسەرەکەی بە چەقۆ هەوڵی خۆکوشتنی خۆشی داوە، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەدا دەستگیرکراوە و بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە". 



AM:12:01:20/07/2024