لە جێگای قائیمقامی دەستلەکارکێشاوەی پێنجوێن، بە وەکالەت بەڕێبەری ناحیەیەک دانرا

 
دوای 10 ساڵ خزمەتکردن، قائیمقامی قەزای پێنجوێن دەستبەرداری پۆستەکەی بو و بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز هێمن ئیبراهیم بە کاتی لە شوێنەکەی دانرا.

ئەمڕۆ یەک شەممە زانا رەحمان قائیمقامی پێنجوێن دوای  دە ساڵ لە کارکردنی لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر خواستی خۆی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو، هەر ئەمڕۆش ئاڵوگۆڕی پۆستەکە کراو و هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز وەک قائیمقامی نوێی پێنجوێن لە جێگای دانرا.
  
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، زانا رەحمان رایگەیاند " ئیدارەدانی سنوری پێنجوێن کارێکی سەختە و هەوڵی زۆریدا، بەداهاتی ناوچەکە خزمەتی دانیشتوانی پێنجوێن بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم بووە و بەبیانوی قەیرانی دارایی داواکارییەکانی جێبەجێ نەدەکرد".
 
لە درێژەی قسەکانیدا وتی " خیانەتی سەربازی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و نیشتیمانی لە پۆستەکەم و پێنجوێنییەکان نەکردوە، لەماوەی ئەم ١٠ ساڵە بە دوو ئاڕاستە کارم کردوە و بەردەوام هەوڵمداوە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بخرێنەگەڕ، سێ ساڵە حکومەتی عێراق پارەی بۆ قیرتاوکردنی چەند رێگایەکەی پێنجوێن دابینکردوە، بەڵام خەرج ناکرێت".
 
لە ساڵی رابردودا کاتێک هاوڵاتییانی پێنجوێن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ قەزاکەیان زانا رەحمان، قائیمقامی پێنجوێن دەستی لە کارکێشایەوە، دواتر هاوڵاتییانی قەزای پێنجوێن دەستبەرداری خۆپیشاندانەکەیان بون و رێگریان کرد لەوەی ناوبراو واز لە پۆستی قائمیقامییتی پێنجوێن بهینێت.




PM:04:45:21/07/2024