سزای لە سێدارەدانی هەشت بەندکراو کە یەکێکیان خەڵکی ئەفغانستانە و یەکێکی دیکەش ژنێکە لە بەندیخانەکانی کەرەج و شیراز جێبەجێکران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ سێ بەندکراو بە ناوەکانی داود بەراهووی بەندکراوی بەلوچی خەڵکی زاهیدان، سەعید محەممەد پوور و مەهدی عەلی ئەکبەری لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لە سێدارەدران".
هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستانیش جێبەجێکراوە کە تا ئێستا ناسنامەی نادیارە، ئەو چوار بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، دوێنێ شەممە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترابوونەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەرەبەیانی دوێنێش سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی مەنسوور تەوەکولی و حامید شکەستە تەمەن ٤٠ ساڵ لەگەڵ ژنێک کە ناسراوە بە مەحموودی نیا و پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی شیراز (عادڵئاوا) جێبەجێکراوە، هەروەها سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەش بە ناوی موحسین ئۆستواری کە پێشتر بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێکراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" سزای سێدارەی ئەو هەشت بەندکراوە تائێستا لە میدیای حکومەتییەکان بە تایبەت میدیا پێوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی بڵاونەکراونەتەوە".
بەپێی ئامارێکی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەنگاو، له ماوەی شهش مانگی یهكهمی ئهمساڵدا لانیكهم ٢٦٦ كهس له گرتووخانه جیاوازهكانی ئێراندا له سێداره دراون، لهو ژمارهیه ٧٢ كهسیان كوردن كه رێژهی ٢٧%ی كۆی له سێدارهدراوان له خۆ دهگرێت.