وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بە بڕیاری وەزیری دارایی کێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی (٧٠) چارەسەر کرا".
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای سلێمانیەوە هاتبوون، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) کرا کە ژمارەیان زیاتر لە ( ٩ ) هەزار کەسە و مووچەی مانگانەیان نزیکەی ٤ ملیار دینارە و تا ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری".
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری دارایی ڕونیکردەوە بەپێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) تا ئێستا هیچ داتا و زانیاری و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییە و لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە.
وتیشی" وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان بەڵکو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) کار بکات بۆ ئەوەی بە زوترین کات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان".
ئەوەشی خستەڕوو، هاوشێوەی مانگەکانی تر وەزیری دارایی فەرمانی کرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.