بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێکی تورکیا لە دوو گوندی قەزای ئامێدی ئاگر کەوتەوە

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێکی تورکیا لە دوو گوندی سنووری قەزای ئامێدی، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و دەیان دۆنم سوتاون.

بەپێ زانیاریەکان، دوانیوەرووی دوێنێ دووشەممە درۆنێکی سوپای تورکیا لە نێوان هەردوو گوندی (کوانێ و مێرستەك) لە قەزای ئامێدی کەوتە خوارەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، پاش کەوتنە خوارەوەی درۆنەکەی دەوڵەتی تورکیا ئاگر لە هەردوو گوندی (مێرستەك و کوانێ) کەوتەوە تا ئەمڕۆش ئاگرەکە بەردەوامە و بە دەیان دۆنم لە پۆش و پاوان و رەز و باخی هاوڵاتیان و هەزار داری سروشتی سوتاون.

هەربەپێ زانیاریەکان، بەهۆی ترسی بۆردومان و تۆپبارانی سوپای تورکیاوە تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

دوای دانانی چوار خاڵی نوێی سەربازی لە دەڤەری نهێل، شەو و رۆژ چیای مەتین بۆردوماندەکرێت و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە سەربازیەکانی سوپای تورکیا هەموو شەوێك لەسەر جادەی گشتی لە سنوری قەزای ئامێدی دەبینرێت.



AM:09:39:23/07/2024