بەرەی یەکڕیزی دژی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم بەیاننامەیەکی لەبارەی رێگرییەکانی ئێوارەی دوێنێی ئاسایشی سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئاسایشی سلێمانی فەرمانەکەی حکومەتی تورکیاییان جێبەجێکرد".
لە بەیاننامەکەی بەرەی یەکڕزی هاتووە" دوێنێ دووشەممە بڕیاربوو لە باخی گشتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەلایەن کۆمەڵێک ڕیکخراوەوە ئەنجام بدرێت بە مەبەستی ڕاگەیاندنی(بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری)، بەڵام ئەم کارە بەر لە کۆبوونەوەی خەڵکی ڕووبەڕووی پەلاماردان بونەوە و تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشیان دەرکرد و پێیان ڕاگەیاندن کە ڕێگەپێدراو نین هیچ جۆرە ڕووماڵ و زانیاریەک لەبارەی گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن".
دەشڵێن" کار بەمەشەوە نەوەستاو کەسانێک کە بە مەبەستی بەشداریکردن هاتبوون ڕووبەڕووی پەلامار و ڕێلێگرتن بوونەوە، بۆیە دواجار لیژنەی سەرپەرشتی (بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری) دەستبەجێ بڕیاریدا کە کۆنگرە ڕۆژنامەگەریەکە بباتە بەر دەرکی سەراو لەوێ ئەنجامی بدەن، بۆیە بە گەشتنی بەشێک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ڕێکخراوانە لە بەردەرکی سەرا دەستکرا بە ڕاگەیاندنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە و سەرەتا بەهادین حاجی بەکر دارتاش قسەوباسێکی کرد لەسەر ئەنجامدانی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەگەریە و مامەڵە و ڕێگریەکانی ئاسایشی سلێمانی، دواتر دەستکرا بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندنە هاوبەشەکە لە لایەن دڵسۆز زەنگەنەوە، لە پڕ هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی دڕندانە و ناشیرین پەلاماری بەشداربووانیاندا، بەڵام هەڵسوڕاوان شوێنەکەیان جێنەهێشت و بە دروشم وتنەوە دژ بە داگیركاری و هاوكارانی داگیركەران بەرگریان كرد، لە بەرامبەر بە پەلاماردانەکانی ئاسایشدا وەستانەوە و دواتر کەوتنە ئازار و ئەشکەنجەدانی هەلسوڕاوان، بۆیە سەرباری بریندارکردنی هەلسوڕاوێکمان كە پیشەی پارێزەرە بە ناوی نەریمان ئەحمەد بە جۆرێك كە لوتی بە زەبری هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی شكێندراوە، هەروەها دەستیانگرت بەسەر کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزدا".
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" لەم دەڤەرەدا کە ساڵەهایە لافی ئازادی و دیموکراسی لێدەدرێت، ئەمڕۆ لە بری ڕوبەڕووبونەوەی پۆلیس و ئاسایشی تورکیا، کەوتنە وێزەی دەنگی ئازادیخوازان، لە بری ڕاوەستانەوە دژ بەم داگیرگاریە كە زیاتر لە ٤٠ كیلۆمەتر خاكمان داگیركراوە و هەر ڕۆژێك مەترسیەكانی داگیركاری زیاتر دەبن، دێن و پەلاماری کەسانێک دەدەن کە دژ بە کردەوە فاشیستیەكانی دەوڵەتی توركیا خاوەن هەڵوێستی نیشتیمان پەروەرین، بۆیە ئێمە لە بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری، كە نوێنەرایەتی دەیان گروپ و ڕێكخراو و كەسایەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، سەرباری ئەوەی بە تووندی سەرزەنشت و ئیدانەی ئەم کارە قێزەونەی ئاسایشی سلیمانی دەکەین کە بەوجۆرە هاودڵی و هاوکاری خۆیان بۆ حکومەتی تورکیا دەربڕی، هاوکات داوا لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز دەکەین کە سەرباری ڕیسواکرنی ئەم سیاسەتەی ئاسایش و دەسەڵاتی سلێمانی، پێویستە بە تووندی ڕاوەستینەوە دژ بەم داگیرکایە و نائارامکردنی ژیانی خەلکی کوردستان، ئێمە بەردەوام دەبین و دەنگی هەموو نیشتیمانپارێزان و نەتەوەپارێزان دەگەیەنینە حكومەتی ناوەند و ناوەندە جیهانییەكان، ئەم هەوڵانەمان بۆ پاراستنی ژینگە و خاك و قەوارەكەمانە كە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید بەرهەم هاتووە".
لە کۆتایی بایەننامەکەدا بەرەی یەکڕیزی داوا لە دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەكان دەکەن هاوكاریان بن نەك بەربەستیان بۆ دروست بكەن.