حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لە هۆتێل، چێشتخانە، نەخۆشخانە تایبەتەکان، نانەواخانە و سەمونخانەکان و زەوی بەتاڵ، ئەوە لە کاتێکدابوو هەندێک زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن ئەو باجانە هەمووی دەبێت بدرێتە حکومەتی ناوەندی بۆیە هەرێم رایگرت، هەروەها ئەم جۆرە باجانە لە حکومەتی فیدرالی نییە لەسەر ئەم شوێنانە.
دکتۆر کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بە لابردنی باجی سەر نانەواخانە و سەموونخانەكان، چێشتخانە و هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان و چەند كار و پیشەیەكی دیكە".
دەشڵێت" بڕیاری لابردنی باجەكە ڕێژەی ١٠٪ی سەر چێشتخانە و ڕێستۆرانت و هۆتێلەکان و ٥٪ی باجی سەر نەخۆشخانە تایبەتەكان دەگرێتەوە، كە پێشتر ئەو بڕە باجە سەپێنرابوو".
ئامژە بەوەش دەکرێت کە ئەو باجانە هەر لە بنەڕەتدا لە بەغدا نيیە.
ئاشكراشی كرد، بڕیارەکە بە ژمارە ٣٣٩٣ و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە و ماوەکەی دیارینەکراوە بۆ ئەوەی بەشێک لەو بارقورسییانەی سەر شانی هاووڵاتییان سووک بکات.
ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک وەزیران ئەو بڕیارەی دەرکردووە تا یاساکە لە پەرلەمانی کوردستان هەموار دەکرێتەوە، هاوکات ئەم بڕیارەش بەڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخەوەی ئێستای هاووڵاتییان دەرکراوە.
لای خۆشیەوە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەم جۆرە باجانە ڕاگیران:
۱.ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر چێشتخانە و هۆتێلەکان.
۲.ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر نەخۆشخانە تایبەتەکان.
۳.ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر سەمونخانەو نانەواخانەکان.
٤.ڕاگرتنی وەرگرتنی باجی (چریبە العرصات- زەوی بەتاڵ) کە لەیاسای چریبە العرصات ژمارە (۲٦) ی ساڵی ۱۹٦۲ هەموارکراودا هاتووە،تاکو یەکلاکردنەوەی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەگەڵ دام و دەزگا ئیتیحادییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە.