وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند" گەشبینین بەچارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ".
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ چەند بەرپرسێکی کۆیە و گەرمیان کۆبووەوەتەوە و چەند داواکارییەکیان جێبەجێ دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، " وەزیری دارایی گەشبینی خۆی نیشاندا بەچارەسەرکردنی کێشەی مووچە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ"، بەوەش دەستکراوەتر دەبن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و بەرەو پێشبردنی زیاتری کەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا.
لای خۆشیەوە هەر ئەمشەو چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە میدیای حزبەکەی ڕایگەیاندووە" لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارە بۆ مووچەی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت".
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەهۆی بوونی چەند كێشەیەكەوە، مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم دوای نزیكەی ٩٠ ڕۆژ ڕەوانەكرا و هاوكات تا ئەمڕۆش مووچەی مانگی ٦ی وەزارەتی كارەبا و پەرلەمانی كوردستان نەنێردراوە