ژنە رۆژنامەنوسێکی کورد سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە" پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەنوس و بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی ئەندامێتی لەو گروپانەی دژی حکومەتی ئێران شۆڕشی چەکدارییان کردووە، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە دراوە کە دادوەر ئیمان ئەفشاری سەرۆکایەتی دادگاکەی کردووە. 

پەخشان عەزیزی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا بوو، هەروەها دواتر لە بەندیخانەی ئێڤین بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە.



AM:09:13:24/07/2024