ئاسایش گرۆپێکی " داعشی" دەستگیر کرد کە پلانی " تیرۆریستیان" هەبووە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لە راگەیەنراوێکدا دانپێنانی چەند گروپ و تاقمێکی " تیرۆریستی داعش کە لەسنوری هەرێمی کوردستان ، لە خۆڕێکخستندان و پیلانیان داناوە بۆ ئەنجام دانی چەندین کردەوەی  تیرۆریستی و تیرۆرکردنی چەند فەرماندە و ئەفسەرێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان"، بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە توانیویانە ١١ کەس لەوانە لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر بکەن .

دەقی راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ، زانیاری دروستی دەست کەوت لەسەر چەند گروپ و تاقمێکی تیرۆریستی داعش کە لەسنوری هەرێمی کوردستان ، لە خۆڕێکخستندان و پیلانیان داناوە بۆ ئەنجام دانی چەندین کردەوەی  تیرۆریستی و تیرۆرکردنی چەند فەرماندە و ئەفسەرێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان .

پاش بەدواداچوونی بەردەوام و لێکۆڵینەوەی مەیدانی ورد و شەونخونی هێزەکانمان ، بەڵگەی پێویست و دروستیان دەستکەوت بۆ پشتراستکردنەوەی زانیارییەکان و هەموو ئەو تۆمەتبارانەی گومانلێکراو بوون ، بۆ ماوەی چەند رۆژێک بە بەردەوامی خرانە ژێر چاودێری وردەوەو دڵنیابووینەوە لەمەرام و پیلانەکانی تیرۆریستان کەخۆیان ئامادەکردبوو  ئارامی هەرێم تێکبدەن .

پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ، پلانی تۆکمەدانرا بۆ دەستگیرکردنیان و لە چوارهەڵمەتی سەرکەتوودا هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایش  لە رۆژانی ٣ ی ٧ ی ٢٠٢٤ و دواتر بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش شارەزوور ،  لە پارێزگاکانی هەڵەبجە ، سلێمانی ( گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی ) ، گەرمیان ، چەمچەماڵ  ١١ تیرۆریست دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە تیرۆریستانی هەرە تاوانبار و هەر سێ ئەمیری گروپ و تاقمەکان ( دیاری سەعدی - ئەمیری مەیدانی هەڵەبجەو شارەزوور ) ، ( ئیکرام خالید ناسراو بە حاجی ئیکرام - ئەمیرو سەرپەرشتیاری ناردنەدەرەوەی تیرۆریستان ) ، ( شێرکۆ عەبدوڵا - ئەمیری ئەمنی ) و  ٨ تر تیرۆریستی تر بە ناوەکانی ( و . س ) ، (  ع . و ) ، ( ئ . س ) ، ( و .ئ ) ، ( ز ، ئ ) ، ( س .م )  ، ( ب .  ف ) ، (دانا عوسمان  ) 
پاش لێکۆڵینەوەی ورد دانیان بە تاوانەکانیاندا نا کە پیلانیان دانابوو ژمارەیەک  فەرماندەو ئەفسەری باڵای ئەمنی و ئیداری تیرۆر بکەن و چەندین کردەوەی تری تیرۆریستی لە شارەکانی هەرێم ئەنجام بدەن . پاش بەدواداچوونی زیاتر رونبووەوە تیرۆریستی هەڵهاتوو لە وڵاتی بەریتانیا بیلال مەحمود ناسراو بە ( یاخی ) پەیوەندی بە گروپەکەوە هەبووە و ئاڕاستەی کردوون بۆ بڵاوکردنەوەی فکری ( دەوڵەتی بەناو ئیسلامی ) و توندڕەوی و تیرۆر 

تێبینی  / دانپێدانانی هەر چوارتیرۆریست 

 ١ - تیرۆریستی هەرەتاوانبار ( دیاری سەعدی - ئەمیری مەیدانی هەڵەبجەو شارەزوور .
٢ - تیرۆریست ( شێرکۆ عبدالله محمد )
٣-تیرۆریست (  دانا عوسمان ) 

٤- تیرۆریست ( ئیقبال سەعدی ) 

ئاشکراکردنی ئەم پیلانەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی مەرامەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم لە بەرئەنجامی شەونخونی و ماندووبوونی یەک مانگ کارکردنی بەردەوامی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشدا هات کە پشودرێژانە سەرکەتووبوون لە هەوڵەکانیان .
وێڕای دەست خۆشی و سوپاس و پێزانینی بێپایانیشمان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان  کە هەمیشە هاوکارو پشتیوانمان . دڵنیاشیان دەکەینەوە پشتیوان بەخوای گەورە هەمیشە پارێزەری ژیان و ئارامی خەڵکەخۆشەویستەکەی خۆمان دەبین .




PM:08:20:24/07/2024