لەسەر دەستگیرکردن و " دەستدرێژی کردنە" سەر هەڵسوڕاوێکی گۆران ئاسایش روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت" ڕاستی ڕووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییە لە نێوان سەریاس عەونی و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایش و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوانیان بە شەڕ هاتوون".
ئاسایشی هەولێر لەسەر دەستدرێژیکردن و دەستگیرکردنی سەریاس عەونی لە راگەیەنراوێکدا روونکردنەوەیەوکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و لێدوانی هاووڵاتییەک بە ناوی سەریاس عەونی، کە گوایە لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستدرێژیی کراوەتە سەر، بۆ هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، ڕاستی ڕووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییە لە نێوان سەریاس عەونی و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایش و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوانیان بە شەڕ هاتوون".
لە روونکردنەوەدا هاتووە" دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، بەرێوەبەرایەتییەکەمان هەڵساوە بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە بەرامبەر ئەو کارمەندە و دەستبەسەر کراوە، هاوکات داواش لە هاووڵاتی سەریاس عەونی کراوە، کە سکاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بکات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت".
راشیگەیاندووە" لێرەوە هاووڵاتییان و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، کە مافیان پارێزراوە و بەگوێرەی یاساش ڕێگەپێدراو نییە هیچ کەسێک ناوی دەزگا ئەمنییەکان بۆ مەرامی کەسی بەکار بهێنێت".
رۆژی ٢٢ی ئهم مانگه، مەکۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان رایگهیاند" سەریاس عەونی ههڵسوڕاوی بزوتنهوهكهیان لهلایهن هێزه ئهمنیهكانی ههولێرهوه لەسەر داکۆکیکردن لە مافی خەڵك رفێندراوە و ئازاردراوە".
بەرپرسی مەكۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان لە بارەی هێرشكردنە سەر هەڵسوڕاوەكەی ڕایگەیاند" لهسهر هێرشكردنه سهر ههڵسوڕاوێكیان ویستیان سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن، بەڵام بنكەی پۆلیسی توڕەق داواكەی وەرنەگرت، ئهوانیش بەردەوام دەبن و لە هەقی خۆیان خۆشنابن، دهشڵێت، "دەبێت ئاسایشی هەولێر داوای لێبوردن لە گۆڕان بكات و تا ئەوكاتە هەمو پەیوەندیەكانمان لەگەڵ پارتی دەپچڕێنین".