ئومید ئەحمەدی چالاکوانی بواری ژینگە و خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کۆڵبەرنیوز، هێزە ئەمنیەکانی شاری سنە ئومید ئەحمەدی-یان دەستگیرکرد کە بەبێ بڕیاری دادگا ئەم چالاکوانەی بواری ژینگەیان لە شوێنی کارەکەی دەستگیرکردووە.
ئومید ئەحمەدی تەمەنی ٣٠ ساڵە و خەڵکی گوندی نگڵی سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
تائێستا هۆکاری دەستگیرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەو هاوڵاتیە نەزانراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە کامێران، پاش ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی چالاکوانێکی ژینگەیی بە ناوی ئیسماعیل کەریمی لانیکەم ١٠ چالاکوانی ژینگەیان دەستگیرکرد کە ناسنامەی شەش کەس لەوانە بە ناوەکانی (حسام مەهدی، ئەمیر نەدیمی، فەریدە وەیسی، حەمید سەوزە، ئامانج قوربانی و فەرزین موەفەقی) زانراوە.