راوێژکارێکی سودانی کاتی یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی راگەیاند


راوێژکارێکی سودانی ئاشکرای دەکات لە ٢٠ رۆژی داهاتوودا پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلادەکرێتەوەو، شێوازەکەشی دیاری دەکات.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند" کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکوک ئەنجامی گرنگی لێکەوتووەتەوە و گفتوگۆکان گۆڕدراون بۆ وەرەقەی کار".

ئەو راوێژکارە ئاماژە بەوە دەکات کە قەیرانی پارێزگاری کەرکوک ماوەی حەوت مانگە بەردەوامە و ماوەی ٢٠ ساڵیشە دانوستانی راستەقینە نەکراوە، بەڵام دوای دیداری سەرۆکوەزیران لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی پارێزگاکە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەستیپێکردووە.

سەبارەت بە پۆستەکە، راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران، دەڵێت" پۆستەکە بەشێوەی خولی و دوولایەنە بێت، لە نێوان کورد بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان و عەرەب، یاخود بەشێوەی سێ لایەنە بێت لەنێوان کورد و تورکمان و عەرەب".

لە کاتێکدا ئەم راوێژکارەی سودانی ئەم جۆرە لێدوانە دەدات، لە واقیعدا هیچ رێکەوتنێک بە کرداری لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە ئارادا نییە.




PM:11:39:25/07/2024