سوپای تورکیا سێ بارەگای نوێ لە بناری چیای مەتین سەر بە قەزای ئامێدی لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك دروست دەکات و چەکی قورسیش لەو بارەگایانە جێگیر دەکات.
بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی (سپی)، سوپای تورکیا سێ بارەگای نوێی لە گوندی (سگێرێ و گەلی سەرگەلێ و گەلی رەشاڤە) لە بناری چیای مەتین لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی کردووە، لەگەڵ سەدان سەرباز و چەکی قورسیش لەو ناوچانە جێگیرکراون.
لە مانگی تەموزی ئەمساڵەوە سوپای تورکیا هێزێکی زۆری لە دەروازەی سەرزێری لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ داخڵی دەڤەری بەرواری باڵا و چیای مەتین سەر بە قەزای ئامێدی کرد.
رۆژانە هێزە ئاسمانیەکانی سوپای تورکیا بە شەویش چیای مەتین، زێبار و گارە بۆردومان دەکات و تا ئێستا جیا لە چۆڵکردنی شەش گوند لە دەڤەری بەرواری باڵا و بناری چیای گارە، زیاتر لە ٢٥ هەزار دۆنم زەوی و دوو ملیۆن داری سروشتی لە سنوری قەزای ئامێدی سوتاون.