لەدوای کووشتنی چایچییەکەی سلێمانی.. لاهور جەنگی: بافڵ و قوباد شەرم بکەن لەخۆتان ئیتر بەسە


لەبارەی دۆخی ئەمنی شاری سلێمانی و دەستوەردانی کۆماندۆ و دژەتیرۆ، لاهور جەنگی دەڵێت" موئەسەسات نەماوە لە سلێمانیدا، بافڵ و قوباد شەرمە، لێرەوە پێتان دەڵێم بەسە".
  
لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی زووم، لاهور جەنگی لەبارەی کوژرانی چایچیەکەوە لە گەرەکی راپەڕینی سلێمانی دەڵێت " ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت لە هیچ شوێنێکی دنیادا ناگوزەرێت، لە هیچ شوێنێکی دنیادا هێزی پێشمەرگە بۆی نییە بێتە نێو شار، تەقە بکات، یان خەڵک بگرێت، ئەوەی ئێستا لە سلێمانی روودەدات هەموو شتێک عەکس بۆتەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت" بەپێی یاسایی هێزەکانی ناوخۆ، تەنها هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بە فەرمانی دادوەر دەبێت خەڵک دەستگیربکەن، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ئاسایش و پۆلیس هیچ دەسەڵاتێکیان نەماوە، هێزی کۆمادنۆ کە سەر بەهێزی ٧٠ یەو لەناو شارەکان دەسوڕێتەوەو خەڵک دەگرێت و خەڵک دەکوژێت".

لاهور جەنگی دەشڵێت" ئەمە قابیلی قبوڵ نییە، خودی بافڵ تاڵەبانی بەرپرسە، ئەگەر پاسەوانەکانم هەڵە بکەن ، خەتای پاسەوانەکانم نییە، خەتای منە، واتە من تەربیەتی پاسەوانەکانم نەداوە".

لەبارەی هۆکاری ئەم توندوتیژیەی لە سلێمانی هەیە، ئایا هۆکارەکەی چەکی بێ مۆڵەت نییە، سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت" مەسەلە چەکی بێ مۆڵەت نییە، ئەمە مەسەلە گەورەکانە، رۆژێک پێش رووداوەکە بافڵ تاڵەبانی سەردانی هێزەکانی کۆماندۆی کردووە، دەستخۆشیان لێدەکات، لەو هەموو ناعەدالەتی و لەو هەموو تەعدایەی لەخەڵک دەکرێت، کاتی ئەوە هاتووە خەڵک قسە بکات، چیتر ئەمە قابیلی قبوڵ نییە، ئەم وەزعە بەردەوام بێت".

جەخت دەکاتەوە" هێزی دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ بۆیان نییە بێنە ناو شار خەڵک بگرن، خەڵک تیرۆر بکەن، ئیشی ئاسایشی و پۆلیسە، موئەسەسات نەماوە لەم شارە، هەرچی موئەساساتی حکومییە ئەم دوو برادەرە تێکیاندا، شەرم بکەن لە خۆتان بافڵ، قوباد لێرە پێتان دەلێم: ئەوەی لێرەوە دەیکەن لێرەوە بەسە".

شەوی شەممە چەکدارێکی کۆماندۆ لە گەڕەکەی راپەرینی سلێمانی گەنجێکی چایچی لەسەر دەمەقاڵێیەک کوشت. 




PM:04:19:28/07/2024