یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان رایدەگەیەنێت کەدژی هێنانەوەی تەرمی جەعفەر بەرزنجی کۆنە پارێزگاری سەردەمی سەدامن و دەڵێن" ئەو پارێزگارە نەک نەیتوانی هیچیان بۆ بکات، بەڵکو چاوساغی حکومەتی بەعس بوو دژی خەڵکی لادێکان و هێزەکانی پێشمەرگە".
لە پەیامەکەدا یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستاندا کە ئەمڕۆ یەک شەممە دانەیەکی بۆ " سپی " نێردراوە. هاتووە" ئەمڕۆ تەرمی کەسێک کە پێشتر پارێزگاری سلیمانی بووە، دەهێنرێتەوە قادرکەرەم، ئەو شوێنەی خاوەن دەیان هەزار قوربانی ئەنفالە، کە ئەو پارێزگارە نەک نەیتوانی هیچیان بۆ بکات، بەڵکو چاوساغی حکومەتی بەعس بوو دژی خەڵکی لادێکان و هێزەکانی پێشمەرگە".
یەکێتی نووسەرانی جینۆساید دەڵێن" بۆیە لای خۆمانەوە داواکارین تەرمی ئەو کەسایەتییەی بەعس و لە داهاتووشدا تەرمی هیچ خۆفرۆشێک نەهێنرێتەوە کوردستان و زێدی قوربانیانی ئەنفالکراو".
داواش لە کەسانی تێکۆشەری بنەماڵەکەی ئەو پارێزگارە کۆنەی سەردەمی بەعس دەکەن کە خۆیان ڕێگە نەدەن بە تێکەڵاوکردنی گۆڕستانی قوربانییەکانی خۆیان و ئەو پارێزگارەی تەنانەت کەسەنزیکەکانی خۆیانیشی بۆ ڕزگار نەکرا. ئیتر لە هەر شارێکی وەکو بەغداد یان وڵاتانی دەرەوە بە خاکی دەسپێرن، ئەوە خۆیان لەو تاوانانە پاک دەکەنەوە کە پێشتر ئەوان کردوویانە هەر حزب و لایەنێکیش خۆی بە دڵسۆزی قوربانیانی ئەنفال بزانێت، نابێت گۆڕستانی قوربانیانی ئەنفال و زێدەکەیان، بە تەرمی بەعسی و خۆفرۆشان، پڕ بکاتەوە".