ئاگرێکی گەورە لە چیای گۆیژە کەوتۆتەوە


بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە ئاگرێکی گەورە لە چیای گۆیژە کەوتۆتەوەو بەهۆی ئەو رەشەبایەی ئێستا لە گۆیژە و سلێمانی هەڵیکردووە هەرزوو تەشەنەی کردووەو دەخەمڵێنرێت بە سەدان دۆنم دارستان سووتابن.

تاریق حەمە غەریب بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕت ( سپی میدیا ) رایگەیاند " ئاگرەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای کاتژمێر ٣ کەوتۆتەوەو بەهۆی رەشەبایەکی بە‌هێزەوە زۆر بە زووی بڵاوبۆتەوە".

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتژمێر ٧ بەیانیدا ئاگرەکە کۆنترۆکراوەو تا ئێستاش تیمەکان بەردەوامن لە کوژانەوەی پاشماوەی ئاگرەکە بۆ ئەوەی جارێکی تر سەرهەڵنەداتەوە.

تاریق حەمە غەریب ئاماژەی بەوە کرد تا ئێستا پانتایی سووتانی دارستانی چیاکە نە خەمڵێنراوە کە چەند دۆنمە.

ئاگرەکە لە پشت هەردوو پرۆژەی نیشتەجێبوونی قەیوان و تان و پۆ کەوتۆتەوەو، تا ئێستا هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە نەزانراوە. 







AM:09:03:29/07/2024